مه‌لا به‌ختیار
مانگێكه، سنوری قه‌ندیل، له‌ناو كوردستانی ئێران، له‌سنوری كوردستانی عیراق‌و
كوردستانی توركیا، له‌كوردستانی توركیاشدا، رۆژانه چالاكی عه‌سكه‌ری ئه‌نجامده‌درێ‌و
هه‌تا دێت سوپای توركیا‌و ئێران، كاردانه‌وه‌ی زه‌وی‌و ئاسمانیان فراوانتر ده‌كه‌ن.
ئاماژه عه‌سكه‌رییه‌كان‌و دۆخی ئه‌منی واده‌گه‌یه‌نێ، كه تا پایزی ئه‌مساڵ،
شه‌ڕگه‌كان گه‌رم ده‌بن‌و دور نیه به‌رنامه‌ی عه‌سكه‌ری هاوبه‌ش‌و رێككه‌وتنی
ئه‌منی گه‌وره‌ش له‌نێوان توركیا‌و ئێران‌دا بێنه‌دی..
ئه‌م روداوانه تێكڕا، نه‌ك بۆ ئێستا خوێندنه‌وه‌یان گه‌ره‌كه، به‌ڵكو پێویسته
ئاوڕێك بۆ مێژوش بده‌ینه‌وه، هه‌تا له‌روداوه هاوچه‌شنه‌كانی ئێستاوه،
له‌دوتوێی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو، ئه‌زمون‌و به‌ره‌نجام هه‌ڵێنجین.
سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م‌و نۆزده‌هه‌م، هه‌تا سه‌ده‌ی بیسته‌م، له‌كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی
میرنشینه‌كانه‌وه، هه‌تا راپه‌ڕینه گه‌وره‌كانی میر به‌درخان، شێخ عوبێدوڵڵای
نه‌هری، سمكۆی شكاك، شێخ مه‌حمودی نه‌مر، شێخ سه‌عیی پیران‌و كۆماری كوردستان،
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ستراتیژی رزگاری، رزگاركردنی سه‌راپای كوردستان بوو.
ته‌نانه‌ت میری رواندزیش، هه‌ر هه‌مان ستراتیژی هه‌بوو، بۆیه شه‌ڕگه‌ی بۆ
رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش گواسته‌وه. به‌ڵام مێژوو، له‌هه‌موو ئه‌و ئه‌زمونانه‌دا
سه‌لماندویه‌تی، كه ئه‌و ستراتیژه، قابیلی به‌دیهاتن نه‌بوه. له‌ناو ئه‌و
ئه‌زمونانه‌دا، شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری ئه‌گه‌ر سنوری شه‌ڕی نه‌گه‌یاندایه‌ته
سنوری ته‌برێزو.. ورمێ‌و مه‌هاباد. هێزه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی عه‌سكه‌ری قورس‌و
ره‌فتاری نه‌شیاویان نه‌كردایه، چه‌قی خه‌باتی ته‌نها بۆ رزگاركردنی
كوردستانی توركیا بایه، دوور نه‌بوو ده‌ستكه‌وتێكی سیاسی ئه‌وتۆی به‌دیهێنابا،
ببوایه‌ته بناغه‌یه‌ك بۆ رزگاری كوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی كورد. له‌خۆڕاش
نه‌بوو كه سمكۆی شكاك، هێزێكی گه‌وره ده‌هێنێته سلێمانی‌و ئاماده ده‌بێت،
تێكه‌ڵاوی حوكمڕانیه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود ببێ، به‌ڵام شێخ به‌دوربینی سیاسی
ئه‌وسای، دیاربوو ئه‌زمونی له‌لاپه‌ڕه‌كانی رابردوو وه‌رگرتبو، بۆیه ئه‌و
ده‌ستپێشكه‌رییه‌ی سمكۆی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێزێكی زۆری لێگرت‌و
پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكراو بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژووی كوردستاندا، خوێندكار‌و
مناڵی كورد به‌سرودو به‌ئاهه‌نگ پێشوازییان لێ‌كرد، په‌سه‌ند نه‌كرد. هه‌ر به‌و
رێزه‌شه‌وه به‌ڕێیان كرد. ئه‌مه له‌كاتێكدا شێخی نه‌مر، ستراتیژی دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تی كوردستان بوو. هه‌ر له‌و بارودۆخه‌یشدا، نه‌شۆڕشی ئاگری داغ‌و
نه‌شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران، راپه‌ڕینی رزگارییان بۆ به‌شه‌كانی تری كوردستان
نه‌گواسته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌مه، ئامانجی ئۆتۆنۆمی هێشتا
به‌ته‌واوه‌تی نه‌چوبوه ئه‌جێندای سیاسه‌ی كوردایه‌تییه‌وه. ئه‌گه‌ر چی شێخ
عه‌بدولقادری نه‌هری، له‌سه‌رده‌می ئیتیحاد‌و ته‌ره‌قیدا، یه‌كه‌مین كه‌س بوو
تێزی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان هێنابوه ئاراوه.
له سه‌رده‌می كۆماری كوردستانیشدا، راسته بارزانی‌و راپه‌ڕینی بارزانییه‌كان،
به‌ناچاری په‌ڕینه‌وه رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و پێشه‌وا قازی پێشوازی لێكردن‌و
له سوپای كۆماردا، جێگایه‌كی گه‌وره‌ی دانێ‌و رۆڵێكی مێژوییشیان بینی.
به‌ڵام وه‌كو به‌شێك له ئه‌زمونی كۆماری كوردستان، نه‌ك وه‌كو راپه‌ڕینی دوو
به‌شی كوردستان. ته‌نانه‌ت ژێ كاف‌و پاشانیش حزبی دیموكراتی كوردستان، كه
لقیان له كوردستانی عیراق دانا، به‌نهێنی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان هه‌ڵهێنا. له‌شۆڕشی
ئه‌یلولیشدا، به‌هه‌مان شێوه، دوورونزیك، ستراتیژی رزگاركردنی دوو یاسێ یاچوار
به‌شی كوردستان وه‌كو خه‌باتی كوردستان له‌ئارادا نه‌بوه. ته‌نانه‌ت ناكۆكی‌و
رێبازی جیاوازی كوردایه‌تیش، له‌نێوان به‌شه‌كانی كوردستان‌و شۆڕشی ئه‌یلولدا
له‌م روه‌وه هه‌بوه.
ئێستا كه كورته‌یه‌ك له‌و لاپه‌ڕانه‌ی مێژومان هه‌ڵدایه‌وه، مێژوو پێمان ده‌ڵێت:
گواستنه‌وه‌ی شۆڕش یان راپه‌ڕین له‌به‌شێكی كوردستانه‌وه بۆ به‌شێكی تری
كوردستان، سیاسه‌تێكی ئاره‌زومه‌ندانه نییه؛ ئه‌م ستراتیژه نه‌به‌دڵسۆزی
نه‌ته‌وایه‌تی په‌تی‌و نه‌به‌ڕۆمانسیه‌تی پارتیزانیش، ئه‌م ستراتیژه
سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ئێستا له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و ئه‌زمونه
مێژوییه‌دا، گه‌ر دۆخی ئێستای باكوری كوردستان‌و كاریگه‌ری خه‌باتی چه‌كداری
په‌كه‌كه، له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و باشوری كوردستان لێكبده‌ینه‌وه، ئاخۆ
ده‌بێ چۆن روداوه‌كان ببینین؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌بێ جه‌خت بكه‌ینه‌وه، كه له‌سه‌روبه‌ندی
په‌ككه‌وتنی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌و نزیكبونه‌وه‌ی له داڕمان، ستراتیژی
رزگاركردنی چه‌ند پارچه‌ی كوردستان سه‌رنه‌كه‌وتبێ، له‌سه‌رده‌مێكدا كه
حكومه‌تی پاشایه‌تی عیراق تازه داده‌مه‌زرێ، حكومه‌تی تازه دامه‌زراوی ره‌زا
شای ئێرانیش لاواز ده‌بێ، شێخ مه‌حمود تێگه‌یشتبێ تێكه‌ڵاوكردنی راپه‌ڕینی
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و باكوری كوردستان چه‌ند هه‌ڵه‌یه، ئاخۆ له‌م سه‌رده‌مه‌دا،
له‌سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی سه‌رسوڕهێنه‌ری ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی‌و زانستی
جه‌نگیندا، دوو ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی وه‌كو كۆماری ئیسلامی ئێران‌و كۆماری
توركیا، ئاخۆ ئه‌م ستراتیژه، ستراتیژی گواستنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له دوو
یا له‌سێ به‌شی كوردستاندا، تۆ بڵێی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێ؟
پێشه‌كی ئه‌م قسانه كه ده‌كه‌ین، له ئه‌زمونێكی پێشمه‌رگایه‌تی دورودرێژ‌و
له‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی روداوه‌كانه‌وه قسه ده‌كه‌ین، نه‌ك له
ره‌شبینیه‌وه، یان نائومێدبوون له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانی خه‌باتی دیموكراسیی
نه‌ته‌وه‌كه‌مان. له‌م بۆچونانه‌دا ته‌نها مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه جیهانبینیمان
جیاوازه، ستراتیژمان جیاوازه، خوێندنه‌وه‌ی جیهان‌و روداوه‌كانمان جیاوازه.
له‌هه‌لومه‌رجێكی جیهانی گۆڕاودا، له‌كاتێكدا وڵاتی توركیا، كه‌وتۆته سه‌ر
رێبازی گۆڕانكاری‌و هه‌ڵوێسته‌كردن له‌و هه‌ڵانه‌ی له‌مێژودا به‌رامبه‌ر
نه‌ته‌وه‌ی كورد كراوه؛ له‌كاتێكیشدا كه دوو ساڵ ده‌بێت ده‌ستكه‌وتی
رۆشنبیری‌و سیاسی، په‌یتا په‌یتا، به‌ریفۆرمیش بێت له توركیادا بۆ مافه
نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی كوردستان ده‌هێنرێنه دی‌و كورد توركی شاخاوی نه‌ماوه.
له‌هه‌لومه‌رجێكیشدا كه نوێنه‌رانی كورد پۆل پۆل ده‌چنه ناو پارله‌مانی
توركیا‌و داكۆكی له‌مافه دیموكراسیه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ن؛ له‌كاتێكیشدا
كه یه‌كێتی ئه‌وروپا، جیهانی دیموكراسی فشار ده‌خه‌نه سه‌ر توركیا كه ره‌وشی
سیاسی خۆی سه‌باره‌ت به‌مافه دیموكراسیه‌كان بگۆڕێ، ته‌نانه‌ت ده‌بێ ده‌ستوریش
بگۆڕێ‌و ده‌ست‌و ده‌سیسه‌ی سوپاش كه‌مبكاته‌وه، له‌هه‌لومه‌رجێكی وه‌هادا چ
عه‌قڵانییه‌تێكی سیاسی بۆ هه‌لومه‌رجه‌كه ره‌چاوكراوه، كه چالاكی چه‌كداری،
بۆ به‌شێكی تری كوردستان بگوێزرێته‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدا حه‌ق وایه ئه‌م
چالاكیه ته‌نها بۆ باشوری كوردستانیش، له‌ناو چوارچێوه‌ی ستراتیژی سیاسیی
گونجاو‌دا، كۆنترۆڵ بكرێت. یان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر رابگیرێ.
پێمان وایه، ئه‌م روداوانه‌ی له‌به‌رده‌مماندا گوزه‌ر ده‌كه‌ن، ره‌نگدانه‌وه‌ی
ناله‌باری بۆ كۆی هه‌لی سیاسی ده‌بێ، كه ئێستا له‌ناوچه‌كه‌داو
له‌رۆژهه‌ڵاتداو له‌توركیاو له‌عیراقدا، بۆمان ره‌خساوه. زیانی ئه‌م سیاسه‌ته
زیانبه‌خشه، له‌سنورێكی دیاریكراودا ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌ته‌نێته‌وه بۆ هه‌موو
لایه‌كمان. به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌دوری نازانم دۆخێكی عه‌سكه‌ریی چاوه‌ڕوان
نه‌كراو ناوچه‌كه بگرێته‌وه، به‌تایبه‌تی كوردستانی ئێران‌و كوردستانی توركیا‌و
كوردستانی عیراق. به‌زیانێكی گه‌وره‌ش بشكێته‌وه. له‌به‌رده‌م چاوه‌ڕوانییه‌كی
ترسناكی وادا، حه‌قوایه هێزه كوردستانیه‌كان، دور له‌شه‌واره‌ی پارتیزانی
لێره‌و له‌وێ، دۆخی ئێستا‌و رێڕه‌وی ئاینده باش بخوێنینه‌وه. حه‌ق وایه
هه‌موو هێزه كوردستانیه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌م روداوانه‌دا هه‌ڵوێسته بكه‌ین‌و
له‌كۆنگره‌یه‌كی ته‌واوی حزبه كوردستانیه‌كاندا، دۆخه‌كه له هه‌مو بارێكه‌وه
هه‌ڵبسه‌نگێندرێ‌و هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و سیاسی چاره‌نوسسازی هاوبه‌ش
گه‌ڵاڵه بكرێ. ئه‌مه زه‌مانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م‌و سه‌ده‌ی نۆزده نیه،
چاوه‌ڕێی سه‌ره‌نجامی روداو بین، هه‌تا بڵێین خۆزگه وانه‌بوایه، یان وا
روینه‌دایه. ئێستا توانای هه‌موو جموجوڵێكی سیاسی‌و په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی‌و
هه‌وڵ‌و یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی سیاسی هه‌یه. خۆلادان له‌م هه‌وڵانه، له‌م
كاته‌دا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، گوێ پێنه‌دانیش به‌م هه‌لومه‌رجه‌و به‌م
ده‌ستكه‌وتانه بۆ كوردستان به‌دیهاتون‌و دێن، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌تره. بۆیه
ئۆباڵ له ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ركی ئه‌ركی مێژوییان ناكه‌ن.